الأحد، 23 مايو 2010

حكوومه‌تى كوردستان.. گه‌مژه‌ نییه‌!!

ئه‌میر فندى

سێ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ سلێمانى و له‌ باره‌گاى سه‌ته‌لایتى كوردسات كه‌ میوانى چه‌ند هه‌ڤاڵێك بووم، چاوم به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڕێز كه‌وت كه‌ به‌رپرس و ئه‌ندامى ده‌زگاى كۆنترۆل كردنى جۆریى شتومه‌ك بوون (كۆنترۆلى كوالیتى) كه‌ بۆ تۆمار كردنى به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى هاتببون كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ره‌وشى ئه‌و هه‌موو جۆره‌ خواراكه‌ى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌ نێو كوردستان.

له‌ راستى دا پێخۆشحاڵ بووم كاتێك زانیم له‌ كوردستانیش ئیدى ده‌زگایه‌كى وا گرنگمان هه‌یه‌ بۆ كونترۆل كردنى بازاره‌كانى كوردستان و رێگه‌ گرتن له‌ هاتنى شتومه‌كى به‌سه‌رچوو (ئێكسپایه‌ر).

به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ته‌ پاش تێپه‌ڕبوونى زیاتر له‌ سێ ساڵیش هێشتا بازاره‌كانى كوردستان له‌ زاخۆ تا ده‌گاته‌ گه‌رمیان پڕه‌ له‌ پیسترین شتومه‌ك له‌ رووى كوالیتى و ماوه‌ى به‌كارهێنانى!!.

پرسیارى گرنگ ئه‌وه‌یه‌: ئایا به‌ڕێز سه‌رۆكى حكوومه‌تى كوردستان ئاگاى له‌وه‌یه‌ كه‌ (ئاسایشى خۆراكى) كوردستان له‌و په‌رى مه‌ترسیدایه‌؟!!.

ئایا وه‌زیرى بازرگانى و وه‌زاره‌ته‌كانى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیدار ده‌زانن كه‌ بازاره‌كانى كوردستان یه‌ك بنێشتى (فرێش) یا خود نائێكسپایه‌ر تێدا نییه‌؟!!.

مه‌گه‌ر وه‌زیره‌كانى كوردستان بنێشت ناخۆن؟!!.

ئایا به‌رپرسانى كوردستان ده‌زانن كه‌ ئێستا له‌ سه‌ر سنووره‌كانى كوردستان له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ ده‌زگاى تایبه‌ت دامه‌زراوه‌ بۆ گۆڕینى ژماره‌كانى مێژووى به‌سه‌رداچوونى شتوومه‌ك؟!!.

بۆیه‌ش ده‌بینین كه‌ ئه‌م به‌رنجه‌ یان شه‌كره‌ یان شامپۆیه‌ كاتى به‌سه‌رداچوونى زۆرى ماوه‌؛ كه‌چى له‌ كاتى به‌كارهێنانى ده‌زانى كه‌ تامى ته‌واو نییه‌ یان ئه‌ركه‌كه‌ى به‌ جوانى به‌جێناگه‌ێنیت!!.

له‌ هه‌موو وڵاتانى جیهان دا (ئاسایشى خۆراك) له‌ ئاسایشى گشتى ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر ته‌لارى په‌ڕله‌مان گرنگتره‌!! كه‌چى له‌ كوردستانى خۆمان دا (ئاسایشى به‌رپرسه‌كان) له‌ خودى هاوڵاتیانیش گرنگتره‌!!.

من داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى حكوومه‌تى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ له‌ به‌ڕێز وه‌زیرى ته‌ندروستى بپرسیت: ئایا رۆژانه‌ چه‌ند حاڵه‌تى ژهراوبوون (تسمم) له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى كوردستان دا تۆمار ده‌كرێن؟ من دڵنیام كه‌ وه‌زیرى به‌ڕێز ناوێریت ژماره‌ى راسته‌قینه‌ به‌ كاكى دكتۆر بڵێت؛ چونكه‌ جێگاى شه‌رمه‌زارییه‌!!.

پێویسته‌ حكوومه‌تى كوردستان هه‌ستیته‌وه‌ و رێگا له‌و پیسه‌ بازرگانانه‌ بگریت كه‌ به‌خوێنى گه‌ل و میلله‌ت بوون به‌ ملیاردێر!! پێویسته‌ حكوومه‌تى كوردستان چیتر نه‌هێلیت بازگانى وا پیس وه‌كو گه‌مژه‌یه‌ك تاماشاى بكات.. چونكه‌ خه‌ڵك پێیوایه‌ كه‌ حكوومه‌تى كوردستان گه‌مژه‌ نییه‌ و واش نییه‌ وه‌كو چه‌ند بازگانێك ده‌ڵێن: ئاگاى له‌ داروبه‌ردى نییه‌!!.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق